سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی ئیتاڵیا کرد

فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا هەرێمی کوردستان کرد؛ کە لە جەنەڕاڵ سێرگیۆ کاردیا، ڕاوێژکاری سەربازی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئیتاڵیا، کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئەندریاتۆلا، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا و شاندێکی یاوەری پێکهاتبوون.
لە دیدارەکەدا، لیوا روکن محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، شاندی میوان کۆتاییی ئەرکی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیای لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئەرکان گەیاند؛ کۆڵۆنێڵ ستێڤانۆ بیزۆتی وەک جێگرەوە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئەرکان ناساند.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆی کرد، کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لەهەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاری کردووە؛ بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوو بۆ خواست. سوپاسی تیمی سەربازیی وڵاتی ئیتاڵیاشی کرد و ڕۆڵی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتەی لەهەرێمی کوردستان بەرزنرخاند. لە هەمان کاتیشدا، بەخێرهاتنی فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتاڵیای لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.