Skip to the content

قۆناغی یەکەمی کۆرسی زمانی فەرەنسی بۆ چواردە ئەفسەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆتایی هات

بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل،وەزیری کاروباری پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، یان برایم، کونسوڵی گشتیی وڵاتی فەرەنسا لە هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، بەڕێوەبەری چاکسازی و نوێنەری پاشکۆی سەربازیی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق، بەڕێوەبەر و مامۆستایانی ئەنیستیتوی فەرەنسی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، کۆتایی بە ڕێوڕەسمی قۆناغی یەکەمی کۆرسی زمانی فەرەنسی، بۆ ۱٤ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە هات؛ کە لە لایەن ئەنیستیتوی فەرەنسی، لە شاری هەولێر ڕێکخرابوو.
ڕێوڕەسمەکە، بە وتەیەکی بەڕێوەبەری ئەنستیتوی فەرەنسی، فێردریک تایید دەستی پێکرد؛ پاشان وەزیری پێشمەرگە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی ئەنیستیتوی فەرەنسی کرد، بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆرسە.
هەروەها سوپاسی کونسوڵی گشتیی وڵاتی فەرەنسای لە هەولێر کرد؛ بۆ پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هیوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی فەرەنسا و وەزارەتی پێشمەرگەی خواست. هەروەها پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ پاشکۆی سەربازیی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق نیشاندا، کە بەرپرسیاریەتیی پاڵپشتیی دارایی ئەو کۆرسەی گرتۆتە ئەستۆ. لە کۆتاییی وتەکەیدا وەزیری پێشمەرگە دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی کرد، بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگیی پێویست و پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکە کرد.
لە لایەن خۆیانەوە نوێنەری پاشکۆی سەربازیی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق، کاپتن نەبیل، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەماهەنگییەی دروستبووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و پیرۆزبایی لە بەشداربووان کرد.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، کونسوڵی گشتیی وڵاتی فەرەنسا لە هەولێر، خۆشحاڵی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پاڵپشتیی ئەو کۆرسە؛ وێڕای سوپاسکردنی ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، دەستخۆشی سەرکەوتنی لە (۱٤) ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بۆ بەشداریکردن لەو کۆرسە. هەروەها سوپاسی مامۆستایان و ستافی ئەنستیتوی فەرەنسی کرد، بۆ هەوڵ و کۆششیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆرسە. لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی کرد، بۆ دەستنیشانکردنی بەشداربووان و بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ سەرخستنی کۆرسەکە و بەدەستهێنانی ئامانجێکی گرنگ بۆ فێربوونی زمانی فەرەنسی، کە دەبێتە پردێکی بەهێز بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان.