ئەدمیرال کوپەر: دواکەوتنی گەیاندنی کەل و پەلی سەربازی بۆ پێشمەرگە چارەسەر دەکرێت

واشنتۆن، ئەدمیرال بڕاد کوپەر بەربژێری پێشنیارکراو بۆ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا CENTCOM، لە کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسدا، باسی لە دواکەوتنی گەیاندنی کەل و پەلی بەرگری سەربازی ئەمریکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد و بەڵێنی دا، کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
دوای بە دوای ئامادەبوونی ئەدمیرال بڕاد کوپەر، کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پاڵیوراوە بۆ سەرکردایەتی کردنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە(CENTCOM)،لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، بۆئەوەی لەلایەن کۆنگرێسەوە رەزامەندی پێ ببەخشرێ وەك فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گفتوگۆیەك بەڕێوەدەچێت، لە گفتوگۆیەکەدا باس لە هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا، ئەمەش دوای ئەوەی کە سیناتۆر تێد باد ئاماژەی دا بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دیداری لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، لەژێر رۆشنایی ئەم سەردانانەدا، سیناتۆر باد نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دواکەوتن و هێواش بوونەوەی گەیاندنی کەل و پەلی بەرگری و سەربازی، کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لە کاتێکدا کە پێشمەرگە "ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە رێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا"، لە وڵامدا، ئەدمیرال کوپەر سەرەتا سوپاسی سیناتۆر تێد بادی کرد بۆ پاڵپشتی لە پێشمەرگە، دانی بەوە دان کە هێواشی و دواکەوتن هەیە لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: کە بە دواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە، خاڵی ناکۆك هەیە کە توانیومانە کاریان لەسەر بکەین،" هەروەها ئەدمیرال کوپەر جەختی کردەوە، کە بۆ خۆی و ستافەکەی و ستافی تاکتیکی لەسەر زەوی، "بابەتی ئەولەویەت دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو خاڵە ناکۆکانە بێت، بەڵێن دەدەین بە زووترین کات هاوکاری و کەل و پەلی سەربازی بگەیەنینە دەست هێزەکانی پێشمەرگە."
دواتر ئەدمیرال بڕاد کوپەر، ڕایگەیاند: کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان لەگەڵ هێزی ئاسایشی عێراق و سوپای عێراق هەیە،
"ئێمە ئەوە بەکاردەهێنین بۆئەوەی یارمەتیدەر بین لە شکاندنی گشت بەربەستەکان و گەشبینم کە دەتوانین لە سەر ئەو خاڵە ناکۆکانە کار بکەین.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە