وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە ڕاوێژکاری نوێی هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک راوێژکاری نوێی هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆڵۆنێڵ کریستۆڤەر، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەوە پێشوازی لێ کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و جێگرانی سەرۆکایەتیی ئەرکان ئامادەی بوون. وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ڕاوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و فراوانکردنی هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ هێزی پێشمەرگە کرد.
شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاند: پێداگرین لە سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەمەش هەوڵەکانمان خێراتر کردوون.
لەبارەی گۆڕینی شێوازی خوێندنی کۆلێژە سەربازیییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەریتانیاوەش، وەزیری پێشمەرگە گوتی: گۆڕینی شێوازی خوێندنی سەربازی لە کۆلێژی ئەرکان و هەردوو کۆلێژی قەڵاچوالان و زاخۆ لە عێراق، خزمەتێکی زۆر بە پرۆسەی پێگەیاندنی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت، سوپاسی هەوڵی بەردەوامی ڕاوێژکارانی سەربازی و ئەفسەرانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە پاڵپشت و پشتیوانی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەن.
کۆڵۆنێل کریستۆڤەر، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دەستپێکردنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان و دەستپێشخەری و هەماهەنگیی وەزیری پێشمەرگەی بەرز نرخاند گوتی: دڵخۆشم کە پرۆسەی چاکسازی بەرەوپێشچووە، زۆرمان پێخۆشە کوردستان و پێشمەرگە بەهێزبن، بۆ ئەمەش هەمیشە پاڵپشت و هاوکارتان دەبین لە گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی چاکسازی و بەرزکردنەوەی توانستی سەربازیی پێشمەرگە.