وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسولی گشتیی هەنگاریا کرد

ڕۆژی دووشەممە ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە ئاتیلا تۆس، کونسولی گشتیی هەنگاریا له هەرێمی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی وەزارەتی کرد و کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و پەیوەست بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، هاوکاری و پەیوەندییە بەردەوامەکانی هەنگاریا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی پێشمەرگە و هەماهەنگی نێوان هەردوولایان تاووتوێ کرد.
کونسولی گشتیی هەنگاریا گوتی: کوردستان ناوچەیەکی سەرنجراکێش، ئارام و دڵگیرە، لەم ماوەیەدا خۆشحاڵبووم بە بەردەوامی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووین، لە ئاییندەشدا پشتیوانیی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەبین.
شایانی ئاماژەیە بەرانبەر ئەو خزمەتە زۆرەی پێشکەشی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کردووە؛ شۆڕش ئیسماعیل، ڕێزلێنانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی پێشکەشی کونسولی هەنگاریا کرد.