سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لهگهڵ بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش کونسولخانەی گشتيی ئەمهریکا كۆبووهوه

ڕۆژى دووشهممه ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە میجەر توماس ستوفەر، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان بە وەکالەت کرد.
لەو دیدارەدا، کە لیوا ڕوکن محهمهد سهعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمهریکا گەنگەشە کرا و تیشک خرایە سەر پرسی چاکسازی و بەردەوامیدان بە کاری ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی فیرقەکان، هاوکات بەردەواميی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان، بە تایبەتی هاوکارییەکانی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەمهریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرز نرخێندرا.