وەزیری کاروباری پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە هەمیشە لە سەنگەری پارێزگارییە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و کۆڵۆنێل براندستێتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی یاوەریان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و جەنەڕاڵ هام بە گرنگیەوە لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا، گفتوگۆیان کرد.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مەترسییەکانی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش و جموجۆڵەکانیان لەو ناوچە دوورەدەستانەی کە بۆشاییی ئەمنین لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە لە سەنگەری پارێزگارییە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و تێکشکاندن و نەهێشتنی تیرۆر. لەم پێناوەشدا هێزی پێشمەرگە بەردەوامە لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی مۆڵگەی شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعشی لێیە و خۆیان تێیدا حەشارداوە، بە هاوکاری و پاڵپشتیی سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ کرا، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: چاکسازی بەردەوامە و سەرخستنی پرۆسەکە لە پێشینەی کارەکانمانە.
جەنەڕاڵ هام، پاڵپشتی و پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانان و ئەمەریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە، هەروەها گوتی: هێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیدا دەستکەوتی زۆری بەدەست هێناوە و دڵخۆشین، بەردەوامی ئەو پرۆسەیە گرنگ و پێویستە و بەرژەوەندیی گەورەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. ئێمەش لەم پێناوەدا هەمووکات پشتیوانتان دەبین.