بەڕێوهبەری چاکسازيی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە دوو تیمی سەربازيی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژى پێنجشهممه ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٥، نەبەز سلاح سدیق، بەڕێوهبەری چاکسازيی وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگه، لە دوو دیداری جیادا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەڕێوبەرایەتيی چاکسازی، پێشوازی لە جەنەڕاڵ ئولیفەر سیلۆ، بەڕێوەبەری کاروباری سەربازی و سڤيلی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق و کۆڵۆنێڵ یان، ڕاوێژکاری سەربازيی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا لهگهڵ بەڕێوەبەری کاروباری سەربازی و سڤيلی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق، بەڕێوەبەری چاکسازی تیشکی خستە سەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە و پاڵپشتیيە بەردەوامەکانی وڵاتی فەرەنسا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و کارکردنیان لە ڕێگهی ڕاوێژکاری سەربازییەوە لەگەڵ تیمی پرۆژەکانی چاکسازی، لەلایەن خۆیەوە جەنەراڵ سیلۆ جەختی لە گرنگيی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە كردهوه و هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی بەرز نرخاند.
لە دیداری دووەمدا، بەڕێوەبەری چاکسازی پێشوازی له ڕاوێژکاری سەربازيی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتيی جاکسازی کردبوو.
ليوا نهبهز سلاح سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتی هۆڵەندای کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕۆڵی کۆڵۆنێڵ یانی بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێ گەیاند، دواتر وەک ڕێزلێنانێک بهرانبهر به ئهرك و كارهكانی بۆ هێزی پێشمهرگه، دیاریيەکی تایبەت بە ئاڵای کوردستان و لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە، وەک نیشاندانی وەفا و پێزانین به ڕاوێژکاری سەربازيی هێزەکانی هۆڵەندا بەخشرا.