Skip to the content

جه‌ژنى نەورۆز لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە پيرۆز ڕاگيرا

ئێوارەى پێنجشه‌ممه‌ ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە و عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، جێگری سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، ئاگری نەورۆز لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە لیوای دووی پیادەی سنووری پێنجی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمێکدا، دوای کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە یەکێک لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەدا، شۆڕش ئيسماعيل و ستافی باڵای وەزارەت، هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیيی نەورۆزیان لە ئەفسەران و پێشمەرگە قارەمانەکان لە سەنگەرەکانی بەرگری پیرۆز کرد و هیوای هاتنی خێر و خۆشیيان بۆ خواستن، هەروەها پیرۆزباییان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان کرد.
نەورۆز، جەژنی پیرۆزی نەتەوەیيی کورد و هێمای سەركەوتن و ژیانەوە و ئازادیی نەتەوەکەمانە و سەرەتای ساڵێکی نوێیە، وەك هەمیشە ھاووڵاتیيانی کوردستان بە خۆڕاگری و نیشتمانپەروەرییان، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بە قارەمانێتی و بەرخودان و قوربانیدانیان، بە گیانی خۆبەختکردن و گیانفیدایی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر نەیارانیان، بەردەوام ئامادەییان هەیە بۆ ئەوەی پاڕێزگاری لە ئەزموونی نیشتمان بکەن.
نەورۆز، جگە لە هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت، مانای ئازادیخوازی و ڕاپەڕین لە دژی ستەمكاریش دەدات، كورد لە نەورۆزدا ڕاپەڕینی كردووە بۆ ئەوەی لە بندەستی ڕزگاری بێت و ئازادی بەدەست بهێنێت.