سیمینارێک لەژێر ناونیشانی "فەلسەفەی جەنگ" بەڕێوەچوو

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥، لەبنکەی مەشقی پیادەی مەنیلە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی، سیمینارێک لەژێر ناونیشانی (فەلسەفەی جەنگ) بۆ ١٥٠ ئەفسەری بەشداربووی خولی ڕشتەی پیادە ئەنجام درا.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، عەمید محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتمانی، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ ستافی بنکەی مەشقی پیادەی مەنیلە، لە ئاسانکاریکردنیان بۆ سمینارەکە، هاوکات باسی گرنگی و کاریگەریی هۆشیاری کرد لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، بە تایبەتی لەلایەن ئەفسەران کە پێویستە لە ئاستێکی تێگەیشتنی بەرزدا بن و بتوانن پێشەنگایەتیی یەکەکانیان بکەن لە پەروەردەکردنی پێشمەرگەکان و پابەندبوونیان بە ئینتیمای بەرزی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان بەرانبەر ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی و دیسپلینی سەربازی.
دواتر لەلایەن ڕائید ئارام ناسیح، ماستەر لە زانستە سیاسیەکان، بابەتی وانەکەی بە ناوی (فەلسەفەی جەنگ) پێشکەش بە ئەفسەرانی ئامادەبوو کرد، تیادا باسی لە مێژووی جەنگەکان و هۆکار و لێکەوتەکان کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی جەنگەکان، کە بووەتە دیاردەیەکی نەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا. لە بەشێکی تری بابەتەکەدا وانەبێژ لێکەوتە و ڕەهەندە جیاجیاکانی جەنگی شیکردەوە و زانیاریی بەسوودی پێشکەش بە ئەفسەرانی خولی ڕشتەی پیادە کرد.