Skip to the content

شۆڕش ئيسماعيل: پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە بەرز دەنرخێنین

ڕۆژى یەکشەممە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاران و ئەفسەرانی باڵای ئەڵمانیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکومی و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە، لە مەراسیمێکدا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنى ئەرکەکەی ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ (کووپەر)ی وەک جێگرەوەی خۆی لە هەرێمی کوردستان ناساند.
وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی کۆڵۆنێڵ تۆماس ڕیتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ستایشی کۆڵۆنێڵ ڕیتەر دەکەین، کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی باڵای گێڕاوە لە هەماهەنگی و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تیمی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی و ڕاوێژەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە جێگه‌ی ڕێز و پێزانینمانە. هه‌روه‌ها هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا و پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ کووپەر کرد، کە وەک فەرماندەی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار دەبێت. وەزیری پێشمەرگە ڕاشیگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین و بە هیواین ئه‌و پاڵپشتیيانه‌ فراوانتر بکرێن.