لە بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی سیمینارێکی هۆشیاری بەڕێوەچوو

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئەفسەران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی، سیمینارێکی هۆشیاری، لەژێر ناونیشانی (فەلسەفەی جەنگ)، بۆ ٣٥ی ئەفسەری ڕشتەی ئیداری بەڕێوەبرد.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا؛ عەمید محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاری، باسی لە گرنگی و کاریگەریی هۆشیاریی نیشتمانی، لەلایەن ئەفسەران کرد، بە تایبەت کە پێویستە لە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن و هۆشیاریدا بن، بۆ ئەوەی پێشەنگێکی باش بن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و جێبەجێکردنی دیسپلینی سەربازی لەناو پێشمەرگەدا.
لە تەوەری کۆتاییی سیمینارەکەدا، ڕائید ئارام ناسح، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاری نیشتمانی و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستە سیاسییەکان، بابەتی سیمینارەکەی بەناوی (فەلسەفەی جەنگ)، پێشکەش کرد، تیایدا مێژووی جەنگ و هۆکار و لێکەوتەکانی جەنگی خستەڕوو، هەروەها باسی لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی جەنگ کرد، دواتر لێکەوتە و ڕەهەندە جیاوازەکانی جەنگی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.