Skip to the content

هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یادادشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و ڕاوێژکارانی وەزارەت و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و مێجەر توماس ستوفەر، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە وەکالەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتیی وەزارەت، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە، بەپێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.
ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە کە؛ پلانی وەزارەت هەنگاوی باشی بڕیوە و بە بەرپرسیارییەتیەوە کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان دەکرێت و ئاماژە بەوەش درا کە بە پشتیوانیی دۆستان لە ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی و یازدە فیرقەی پیادەدا چالاک بکرێت و ئەم هەنگاوانەش بەدەستهێنانی بەشێکی بنەڕەتییە لە ئامانجەکان لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی کە دواجار دەبێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ گەیشتن و بەدەستهێنانی ئاییندەی چاوەڕوانکراوی وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیەی کە لەسەری ڕێککەوتووە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کار بە تەواوی بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکات.
لەلایەن خۆیانەوە، تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشیی خۆیان بە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیشان دا و ڕایانگەیاند: بە گرنگییەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە. هاوکات ئاماژەیان بەوە دا کە بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن.