Skip to the content

بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە هەولێر کرد

لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ لەبارەی پلان و بەرنامەڕێژى، بۆ ئەنجامدانى مەشق و ڕاهێنان لە بوارى یاساکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەفسەرانی وەزارەتى پێشمەرگە بە گشتی و ئافرەتانی پێشمەرگە بە تایبەتی کرا، بە مەبەستی برەودانی زیاتر بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی توندوتیژی لە کاتى ململانێ و جەنگدا، ئەمەش لە چوارچێوەى یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، هەروەها کارنامەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ئافرەتان، بەپێی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لە پابەندبوونە نیشتمانییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم یاسا و ڕێنماییانە کردەوە.
بڕیارە ئەم مەشق و ڕاهێنانە بە هەماهەنگیى نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و یۆنامى و وەزارەتى پێشمەرگە لە ماوەى داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ تێگەیشتن
و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە ململانێکان و برەودان بە بەرنامەیەك، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.