Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ بەسەر کردەوە

فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی، سەردانی بارەگای لیوای دووی پیادەیان، لە میحوەری پێنجی پێشمەرگە لە سنووری پردێ کرد و لەلایەن فەرماندەی لیوا و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە ئامادەبوون، فەرماندەی لیوای دووی پیادە، پوختەیەکی دەربارەی جوگرافیای ناوچەکە و سنووری ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ سەرۆکی ئەرکان ڕوونکردەوە و ئامادەییی هێزی پێشمەرگەشی لەسنووری میحوەری پێنج دەربڕی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
لەتەوەرێکی دیکەی ئەو سەردانەدا، سەرۆکی ئەرکان سەردانی چەند سەنگەرێکی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و دۆخی سەنگەرەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پەرەپێدانی توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگەی لە سنوورەکە لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە خستە بەرباس.
هەروەها بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی سەنگەرسازیی خاڵەکانی پێشمەرگە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە، گفتوگۆی کرد و جەختی لە تۆکمەیی سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگە کردەوە و ورەبەرزی هێزی پێشمەرگە و پابەندبوون بە دیسپلینە سەربازییەکانی پیشمەرگەی بەرز نڕخاند.
لە کۆتاییی سەردانەکەیاندا، سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا: کە سەنگەرسازیی خاڵەکانی پێشمەرگه لەپێناو پاراستنی گیانی پێشمەرگە و توندوتۆڵکردنی سەنگەر و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەیە؛ وێرای ئەوەش وەک بونیادێکە، کە بارتەقای گەورەیی و شکۆی پێشمەرگه بێت؛ سەرەڕای پڕۆسەی سەنگەرسازی، بە ئامانجی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە لە پێداویستیی لیوای دوو و کەموڕییەکانی کۆڵیەوە و جەختی لەدابینکردنی پێویستییە سەربازییەکان کردەوە.