سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی چۆنییەتیی جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، بە تایبەت دوای بەڕێوەچوونی دوایین کۆبوونەوە لەوبارەیەوە کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێم و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
کاروباری فیرقەکان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی یەکەی تازەدا.