Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە و کۆمیتەی خاچی سوور لە عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، پێشوازی لە جێگری بەرپرسی کۆمیتەی نێونەتەوەییی خاچی سوور لە عێراق و تیمی یاوەری کرد و یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی پاراستنی بنەما نێونەتەوەییەکان واژۆ کرد.
وەزیری پێشمەرگە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، بۆ نزیکبوونەوە و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوانمان و گەیاندنی پەیامی پاراستنی یاساکانی نێونەتەوەییە لە کاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژیان و کەرامەتی لێقەوماوانی جەنگ و بارودۆخە ناهەموارەکان. هەروەها لەپێناو چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەکان لە جیهاندا.
بەرپرسی نێونەتەوەییی خاچی سوور، پاڵپشتیی ڕێکخراوی خاچی سووری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لە کاری پێکەوەیی و پاراستنی یاساکانی جەنگ، دڵنیاین هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی باڵادایە، بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەم یاداشتنامەیەش زیاتر پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەوپێش دەبات.