وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی سێشەممە ٦ـی ئایاری ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ کووپەر، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی سەربازیی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و بەرپرسی نووسینگەی وەزیر ئامادەی بوون. دۆخی گشتیی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاکسازی و هاوکاری و پشتیوانییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و چەندین بابەتی گرنگ و بایەخداری پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێ کران.
وەزیری پێشمەرگە پاڵپشتیی وڵاتی ئەڵمانیای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: ئەڵمانیا لە ڕێگەی کونسولگەری و نێردەی دیپلۆماسی و ئەفسەران و ڕاوێژکارانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوام لەگەڵمانن، بە تایبەت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەهێزبوونی ژێرخانی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لە بەردەوامی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا و کاری پێکەوەیی کردەوە.
کۆڵۆنێڵ کووپەر، پشتیوانییەکانی ئەڵمانیای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە هەروەها بەردەوامیی پەیوەندییەکانیشی بە ئامانجی سەردانەکەی وەسف کرد. هەروەها ڕایگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە پەیوەندیداین بە ئامانجی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی پرۆژەی چاکسازی.