بە ئامانجی پەرەپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی پۆل وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە هاوکاریی هێزەکانی ئەڵمانیا دەستیان بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی نوێ کرد
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە هاوکاریی هێزەکانی ئەڵمانیا، دەستیان بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی نوێ، لە چوارچێوەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا کردووە؛ کە ئامانجی پەرەپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی پۆلە.
ئەفسەرانی پۆل وەک بڕبڕەی پشتی هەر سوپایەک دادەنرێن و کاریگەری زۆریان لە دروستکردن و سەرخستنی هەموو سوپایەکدا هەیە، ئەوان هەمیشە ئەو توێژە سەربازییە گرنگەن کە ڕۆڵی گەورەیان لە سەرکەوتنی ئەرکە سەربازییەکاندا هەیە؛ کە تیایدا ئەفسەرانی پۆل سەرکردە، ڕاهێنەر و پەروەردەکارن، بۆ دامەزراندنی سوپایەکی سەردەمیانە، سەربەخۆ و ڕاهێنراوی پڕۆفیشناڵ.
لەبەر ئەم هۆیەوە، وەزارەتی پێشمەرگە بە پێویستی زانیوە پەرە بە توانای ئەفسەرانی پۆل بدات. لە چوارچێوەی ئەم ڕێکەوتنەدا، پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا جێبەجێ دەکرێت، کە لە ئاییندەدا جێگای خۆی دەگرێتەوە و هێزی پێشمەرگە سوودی زۆری لێ وەردەگرێت.