Skip to the content

سیمیناری یەکسانیی ڕەگەزی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن ڕێبوار عەلی کریم جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، لیوا عوسمان محەممەد مستەفا بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بەڕێوبەری میرەی گشتی، بەڕێوبەری ئەشغال و نیشتەجێبوون و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکەی یەکسانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و بە هاوکاریی ڕێکخراوی میدیکا مۆندیالی ئەڵمانی، لەژێر ڕەنگدانەوەی بڕیاری 1325 لەناو دامەزراوەکانی حکومەت، سیمینارێکی تایبەت لەسەر یەکسانیی ڕەگەزی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە برد.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا، لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکەیەکیان هەیە بەناوی "یەکەی جێندەر"، بۆیە ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە پەیوەستە بە یەکەی جێندەرەوە، بۆ ئەمەش چەندان کۆڕ و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە وەزارەتی پێشمەرگە پشتگیری لە یاسای تایبەت بە پاراستنی ژنان دەکات.

دواتر لیوا ڕوکن ڕێبوار عەلی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، لە وتەیەکدا باسی لەوە کرد، کە ئێستا خۆشبەختانە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ڕێژەیەکی باشی ئافرەت بونیان هەیە؛ کە ژمارەیەکیان ئەفسەرن و لە یەکە ئیدارییە سەربازییەکان خزمەت دەکەن. وتیشی پێویستە هەوڵ بدرێت دەرفەتی زیاتر بڕەخسێت، بۆئەوەی ئەو ڕێژەیە زیاتریش بکرێت.

پاشان لیوا عوسمان محەممەد مستەفا بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند کە لە وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەکی تایبەتیان هەیە، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکسانیی ڕەگەزی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە مێژوویەکی درێژی هەیە و لە سەرەتای دروستبوونی وەزارەتی پێشمەرگەوە ژمارەیەك ئافرەت، لەگەڵ دروستبوونی یەکەم کابینە لە وەزارەت دەوامیان کردووە. هەروەها وتیشی کە ئێستا دوو یەکە لە هێزەکانی حەفتا و یەکەیەکیش لە هێزی زێرەڤانی تایبەتن بە ئافرەت، کە لەو یەکانە شەهیدیان داوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

لە کۆتاییی سیمینارەکە، بەهار عەلی سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە لە وتەیەکدا ڕوونی کردەوە، کە ئامانج لەم سیمینارە هاوبەشە لەنێوان ڕێکخراوی ئێمە و وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشنابوونە بە کاریگەری بڕیاری 1325 و پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەکسانیی جێندەر، لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازیی لەو بڕیار و یاسایانەدا؛ بۆ ئەمە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ڕێکخراوی ئێمە بە گرنگی دەزانێت هاوکاری و هەماهەنگیی هەبێت لەگەڵ یەکەی جێندەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی کاری پێکەوەیی و داڕشتنی ستراتیژیی پاراستنی ژن لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.