Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیدس گیرالد فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، کارەکانی فەرماندەیی دەڤەر و یەکخستنەوەی هێزەکان و پلانی مەشق و ڕاهێنانی فیرقەکانی پیادە تاووتوێ کرا؛ هەروەها پاڵپشتی و هاوكارییه‌كانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە لەسەرخستنی ئەم پڕۆسەیە بەپێویست زاندرا.

سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا، کە هەموو توانایان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی پێشمەرگە و توانا سەربازییەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێزتر بکەن و هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی کارەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکان به هەماهەنگیی لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان جێبەجێ بکەن و ئەم هەنگاوانەی بە بەدەستهێنانی بەشێکی بنەڕەتیی لە ئامانجەکانی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەسف کرد.