Skip to the content

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆتایی بە خولێکی هۆشیاری هات

لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی خولەکانی هۆشیاری، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، کۆتایی بە خولێکی مەشق و ڕاهێنان لە بوارەکانی (ئایتی، هونەری وێنە، دیزاین و مۆنتاژ) هات.

خولەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، ژمارەیەك ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی بەشداربوون؛ تیایدا بەشداربووان زیاتر بە شێوەی پراکتیکیی (کرداری) مەشق و ڕاهێنانەکانیان لەبارەی نوێترین بەرنامە و تەکنیکە جیهانییەکان لە بوارەکانی ( ئایتی، وێنە و دیزاین، مۆنتاژ) ئەنجام دا؛ لە بواری ئایتیدا بەشداربووان ئاشنا کران بە چۆنیەتیی پاراستنی زانیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، بۆ ڕاییکردنی کارەکان بە شێوەیەکی خێرا و پارێزراو.

دواتر لە بواری وێنە و دیزاینیشدا لە خولەکەدا تیشک خرایە سەر بنەماکانی گرتنی وێنەی ستاندارد و دروستکردنی دیزاینی کاریگەر بۆ پەیامە نیشتمانییەکان. هەروەها لە بواری مۆنتاژدا چۆنیەتی و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دەستکاریکردنی ڤیدیۆ بە شێوەیەکی سەردەمیانە خرانەڕوو.