لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی ڕۆژنامەنووسانی وڵاتی ئیتاڵیا کرا
ڕۆژی دووشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە بەڕێوەبەرایەتیی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت، لیوا بەشدار ئیسماعیل ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، لیوا عوسمان محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن، لیوا ڕوکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت، پێشوازییان لە شاندێکی ڕۆژنامەنووسانی وڵاتی ئیتاڵیا کرد، کە لە فاوستۆ بیلۆسلاڤۆ و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و قوتابییانی کۆلێژی ڕاگەیاندنی ئیتاڵیا پێکهاتبوو.
لە دیدارەکەدا، هەنگاو و قۆناغەکانی پڕۆسەی چاکسازیی بۆ شاندی میوان ڕوونکرایەوە؛ شاندی میوانیش ڕۆڵی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخاند و فاوستۆ بیلۆسلاڤۆ ئاماژەی بە قارەمانیەتی پێشمەرگە کرد، بەتایبەتی لە ڕزگارکردنی ناوچەکان لە ژێر دەستی داعش.
پاشان تاووتوێی ڕێکخستن و سازکردنی چەند دۆکیۆمێنتاری و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە کرا. پێشتریش لەسەردەمی شەڕی دژی داعش، ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی فاوستۆ بیلۆسلاڤۆ لە مووسڵ و هەرێمی کوردستان، هاوشان لەگەڵ ئۆپەڕاسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.