بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی کۆریای باشوور کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لیوا روکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سون چانگ سوو پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی کۆریای باشوور لە بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، تیشکخرایە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتی کۆریای باشوور لە بەغدا؛ هەر لە دیدارەکەدا تاووتوێی پلانی مەشقی سەربازی و کردنەوەی خولی دەرەکی لە کۆلێژە سەربازییە جیاوازەکانی کۆریای باشوور و دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، کە چۆن لە داهاتوودا ئەفسەرانی پێشمەرگە لە کۆلێژەکانی کۆریای باشوور وەربگیرێن.
کۆڵۆنێڵ سون، سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێشخستن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەتایبەت لە بواری دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ ئەفسەرانی کوردستان و خوێندن لە کۆلێژە سەربازییەکانی کۆریای باشوور.