بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، شوان مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن، پێشوازییان لە کۆڵۆنێڵ سێبستیان کلینک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد و باسیان لە دوایین هەنگاوەکانی پرۆژەی ستراتیژی میدیا و هۆشیاری کرد. هەروەها تیشک خرایە سەر کارەکانی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕۆڵی ڕاوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی وەزارەت بەرز نرخێندرا.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن، سوپاسی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان کرد و کار و کۆششی بەردەوامیان لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پلانی میدیایی و ڕاگەیاندندا بەگرنگ و پێویست زانی.
دواتر بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاری و بەشەکانیان بەسەر کردەوە. محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاری پوختەیەکی لەسەر کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەری هۆشیاری و کتێبخانەی بۆ ڕوون کردنەوە، پاشان سەنتەری میدیای پێشمەرگەیان بەسەر کردەوە و لەلایەن ستار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن، کورتەیەک لەسەر ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن ڕوون کرایەوە.