سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە فیرقەکانی پێنج و حەوتی پیادەی بەسەر کردەوە

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، بە یاوەريی ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەفسەرانی وەزارەت، فیرقەکانی پێنج و حەوتی پیادەی بەسەر کردەوە و لەلایەن فەرماندە و جێگران و ستافی ئەفسەرانی هەر دوو فیرقەوە پێشوازی لێ کرا.
لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان سەردانی بارەگای فیرقەی پێنجی پیادەی کرد و لەلایەن بەهزاد بارزانی، فەرماندەی فیرقە پێشوازی لێ کرا، دواتر لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ فەرماندە و ستافی فیرقە و فەرماندەی لیواکان و فەوجەکانی سەر بە فیرقە کۆبوەوە و تێیدا گفتوگۆی لەسەر تەواوی ئەو کارانەی کرد کە لە فیرقەدا ئەنجام دراون، بە تایبەتی پرۆژەی بنیاتنان و دامەزراندنی بەشێک لە بینا و بارەگا نوێیەکەی فیرقەی پێنج.
لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان، سەردانی فیرقەی حەوتی پیادەی لە سپیلک کرد و لەلایەن تارق هەرنی، فەرماندەی فیرقە پێشوازی لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ستافی فیرقە و فەرماندەی لیواکان و یەکە جیاوازەکانی سەر بە فیرقە، سەرۆکی ئەرکان باسی ئەرک و کارە نوێیەکانی فەرماندەی فیرقە و لیواکانی سەر بە فیرقەی ٧ی پیادەی کرد و دووبارەی کردەوە کە ئەرک و پێویستیيە هەنووکەیيە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە گۆڕاون و پێویستە زۆر بەخێرایی خۆتان لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا بگونجێنن، بە تایبەتی لەڕووی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵکردنەوە، هەروەها سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستە سەر گرنگيی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی فیرقەی حەوت و بەڵێنی یارمەتی و پشتیوانی پێدا.
لە هەردوو وێستگەکەدا، سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوە دا: ئەم پرۆژە گرنگە تەنیا بۆ پەرەپێدانی فیرقەیەک یان دووان نییە، بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەیە و تەواوبونی کاری هەموو فیرقەکان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەگيی هێزەکان و دامەزراندنی مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پەرەپێدانی فیرقەکان.