فیرقەی نۆی پیادە سیمینارێکی هۆشیاریی بۆ بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕێکخست
 
			
		ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری لە سێمێل، عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سیمینارێکی بە ناونیشانی (جەنگی نەوەی پێنجەم و تەکنەلۆژیای سەربازیی سەردەم) پێشکەش کرد، کە لە لایەن فیرقەی نۆی پیادە ڕێکخرابوو.
لە سیمینارەکەدا، کە لیوا دکتۆر عەبدولعەزیز بەڕێوەبەری پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا کەریم ئێتیتی فەرماندەی فیرقەی نۆی پیادە، جێگری فەرماندەی فیرقەی نۆی پیادە، سەرۆکی ئەرکانی فیرقەی نۆی پیادە، ئەفسەرانی ستافی فیرقە و فەرماندەی لیواکانی سەربە فیرقە و ژمارەیەك لە پێشمەرگەکانی فیرقەی نۆی پیادە ئامادەبوون، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە بواری تێگەیشتن و پراکتیك و میکانیزمەکانی هاتوونەتە ئاراوە لە بواری جەنگ و ڕووبەڕوو وونەوە نوێیەکاندا، کە سەرنجڕاکێشترینیان ئەو گۆڕانکارییانەن کە لە ئەنجامی بەرهەمە تەکنیکی و تەکنەلۆژییەکان و کاریگەرییان لەسەر ستراتیژیی سەربازی و سیاسی و ئابووری لە جیهاندا سەریان هەڵداوە.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، باسی لە جەنگی نەوەی پێنجەم کرد و بە وردی هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پێکهاتەی ئەم جۆرە جەنگە نوێیەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جەنگە بە شێوەیەکی بنەڕەتیی پەیوەستە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەمی نوێ، کە تیایدا سیستەمە زیرەکەکان، شەڕکەرە بێ فڕۆکەوانەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی بەکاردێن. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە تایبەتمەندیی سەرەکی ئەم جۆرە جەنگە ئەوەیە کە توانای مرۆیی ئاسایی ناتوانێ خۆی لە بەرامبەر خێرایی و وردبینی و لێهاتووی ئەم سیستەمانە بپارێزێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەم شێوازە جەنگییە بەشداریی مرۆیی ڕاستەوخۆی کەمتری تێدایە بە بەراورد لەگەڵ شێوازە کلاسیکییەکانی جەنگکردن، چونکە پشت بە ئامێرە خۆکارەکان و تەکنەلۆژیای دوورەوە دەبەستێت.
 
                                    
                                                                    