لە سیمینارێکدا جەخت لە ڕۆڵی پێشمەرگە وەک "ڕۆحی نەتەوە" کرایەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە پەیمانگەی زانستيی سەردەمی ناحکومی، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، سیمینارێک بۆ قوتابیيانی پەیمانگەکە، لەژێر ناونیشانی "پێشمەرگە وەک هێزێکی سەربازی یان ڕۆحی نەتەوەیەک" بەڕێوەچوو.
سیمینارەکە، لەلایەن ڕائید ئارام ناسیح، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی پێشکەش کرا و تیشک خرایە سەر ڕۆڵی پێشمەرگە و گرنگیی خۆشویستنی خاک و نیشتمان.
لە بەشێکی سیمینارەکەدا، ئارام ناسیح باسی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانى کرد لە پاراستنی دەستکەوتەکان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە: پێشمەرگە تەنها هێزێکی چەکدار نییە، بەڵکو سیمبولی بەرگری و ناسنامەی نەتەوەی کوردە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، گرنگیی هۆشیارکردنەوەی نەوەی نوێ خرایە ڕوو. پێشکەشکاری سیمینارەکە، ئاماژەی بەوە دا: پێویستە گەنجان و لاوان ئاشنای مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەمان و ئەو کارەساتانە بن بەسەر کورددا هاتوون، تا بتوانن بە ڕۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە پارێزگاری لە داهاتووی وڵات بکەن.