Skip to the content

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆنفرانسی "ئاسایش، هۆشیاری و ئینتیمای نیشتمانی" بەڕێوەبرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شارى هەولێر بە ئامادەبوونى هۆشمەند حه‌یده‌ر ڕه‌شید، جێگرى سەرۆکى ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بەڕێوەبەری گشتیی پشکنین و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین و بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بەڕێوەبەری چاکسازی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى گشتیى و ژمارەیەک لە نووسەران و ئەکادیمستان، بەڕێوبەرایەتیى هۆشیاريى نیشتمانى، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوى ڕەها بۆ گەشەپێدانى ڕۆشنبیريى کۆمەڵایەتى، کۆنفرانسى ئاسایش، هۆشیارى، ئینتیمای نیشتمانى بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەبرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆنفرانسه‌كه‌ عوسمان محه‌مه‌د مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتیی ڕاگەیاندن، گوتارى وەزارەتى پێشمەرگەی پێشکەش کرد و ئامانجەکانى ئەم کۆنفراسەى ڕوون کردەوە. هه‌روه‌ها سوپاسی ڕێکخراوی ڕەهای کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکیيانە.

پاشان، فیلمێکی دیکۆمێنتاری تایبەت بە مێژووی کورد کە تەرکیزی سەرەکی لەسەر گەشتی خەباتی گەلی کورد بوو نمایش کرا، ئەم کارە دیکۆمێنتارییە به‌وردى ڕووناکی خستە سەر قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی بەرخودانی کورد و بینەران توانیان دەرکەوتە و ڕووداوە مێژووییە گرنگەکانی خەباتی کورد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ببینن کە کورد چۆن بەرەنگاربوونەوەی لە دژی ستەمکاری و زۆرداری نواندووە.

دواتر عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکى خستە سەر ماددەى هۆشبەر و ئاماژەى بەوە دا: کورد هەمیشە لە شەڕدا قارەمانە شەڕی دژی نەیارانی کردووە و هەرگیزیش بیری لە پیلانی لەوجۆرە نەکردووه‌تەوە کە دوژمنەکانی بەرانبەر کورد نواندوویانە، هەروەها باسى کاریگەريى ماددەى هۆشبەرى لەسەر ئاسایشى نیشتمانى کرد و ڕایگەیاند: مەترسيى ماددەى هۆشبەر ژەهرێکى کوشندەیە بە دەست دوژمن کە لە ڕێگەیەوە دەیانەوێت کوردستان ڕووبەڕووى مەترسى بکەنەوە، هەماهەنگيى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانی هەر لە قوتابخانەکانەوە بگرە تاوەکو زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگەی کوردی بە پێویست زانى.

لە بەردەواميی کۆنفراسەکەدا، زیرەک که‌مال نووسەر و سیاسەتمەدار، تیشکى خستە سەر ڕۆڵى ڕاگەیاندنى کوردى و ئاماژەى بەوە دا؛ پێویستە میدیای کوردى شانبەشانى هێزه ئەمنیيەکان و پێشمەرگە، بە ڕۆڵى خۆى هەڵسێت و لە خەمى بەرزکردنەوەى ئینتیمای نیشتمانى بن، چونکە کاتێک میدیا بە بەرپرسیارەتى کار بکات و خەڵکیش لە ڕیگاى پەروەردە و دەرفەتى یەکسانەوە هەست بە نیشتمان بکەن هەستکردن بە نیشتمانپەروەری بە دروستى بەرز دەبێتەوە. وتی: پێویستە تاک نموونەیەک بێت لە ڕەفتار و بیرکردنەوەى نیشتیمانى، یەکێک لە فاکتەرەکانى پاراستنى نیشتیمانیش پێشمەرگەیە و پێویستە شانازی بە پێشمەرگەوە بکەین.

لە بەشى کۆتایيى کۆنفراسەکەدا، له‌ گوته‌يه‌كدا سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست ئه‌بوبه‌كر كاروانى گوتی: پێویستە کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراستى نوێدا بکەوێتە سەر پێ و ڕۆڵی سەربەخۆ و چارەنوسسازانەی هەبێت، هەروەها باسى قۆناغەکانى دابەشکردنى کوردستانى کرد و ئاماژەى بەوە دا: تاکى کورد هەرگیز لە ناخەوە نەبووه‌تە عێراقى، ئیرانى و تورکى، بەڵکوو بە زۆردارى و بە زوڵمى نیودەوڵەتيى ئەو وڵاتانەى کە کوردیان بەسەر دابەش کراوە بە تورکی و ئێرانی و عێراقی ناسێندراوە، گوتيشى پێم وایە لە داهاتوودا، باشووری کوردستان دڵ و چاوى داهاتووى کورد دەبێت لە هەر چوار پارچەی نیشتمان و ڕاشیگەیاند: پێویستە کورد لە باشوورى کوردستان لە هەموو شتێک جیاواز نەبێت و خاڵى کۆکمان زۆر بێت و بیروڕامان یەک بخەین لەپێناو سەرخستنی بیری نەتەوەیيمان، پێشمەرگە ناوکى پرۆژەى نیشتمانيى سەربەخۆیە و ئایيندەیە بۆ پاشەڕۆژی کوردستان.