کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میرەی سەربازیی لەژێر ناوی "بەردەوامی ستراتیژییەتی سەربازیی سەرکەوتوو پێویستی بە لۆجستییەکی بەھێز ھەیە" بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر بە چاودێری فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و بە سەرپەرشتی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ جۆزیڤ سال فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، سەرجەم تیمەکانی ڕاوێژکاری هاوپەیمانان لە هەرێم، لیوا بەشدار ئیسماعیل ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت و بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان، بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی میرە و نوێنەری هەردوو فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانی یەك و دوو، نوێنەری فیرقەكان و گشت لیواکانی پیادە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میرەی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی لەگەڵ گروپی ڕاوێژكارانی سەربازی - باكوور، كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی لە ژێر ناوی ( ستراتیژییەتی سەربازیی سەرکەوتوو پێویستی بە لۆجستییەکی بەھێز ھەیە) بەڕێوە برد.
لە کۆنفرانسەکەدا، کۆڵۆنێڵ جۆزێڤ سال فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەى ئەم کۆنفرانسە بۆ یەکه سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و گوتی: "بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەت و فەرماندەی لیواکان بە پێویستیی دەزانم کە بڵێم ئامانجمان ئەوەیە کە تەواوى یەکە سەربازییەکان لەگەڵ میرەى گشتیی سەربازیی هاوئاهەنگ بن، بە تایبەت ئەو ئەرکانەی کە پەیوەندى بە بابەتى لۆجستییەوە هەیە لە میرەى گشتى، چونکە ئەو هێزانەی دێنە ژێر بریارەکانی وەزارەت لە زیادبووندان و پڕۆسەى یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقەکان خەریکە ئەگات بە کۆتایى و سەرکردەی دەڤەرەکان ئامادەکاریی تەواویان بۆ ئەم مەبەستە کردووە، ئەم هەنگاوانەش جێگای خۆشحاڵی وڵاتانی هاوپەیمانە".
فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان سوپاسی ئەفسەرانی ئامادەبووی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەموومان دەبێ هاوکاریی یەکتر بکەین ئێمە ئەرکێکی پیرۆزمان لەسەر شانە کە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرستانی داعشە، بۆیە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنتان و پابەندین بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئەمڕۆش ئەم پابەندیە دووپات دەکەینەوە و ئامادەین کە بەرەوپێش بڕۆین، یارمەتی یەکتر بدەین و ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین. بەردەوام دەبین لە ڕۆڵی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ گەیشتن بەئامانجە هاوبەشەکانمان کە لەناوبردنی تیرۆرە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، گوتی: "هاوکارییە لۆجستییەکانی هاوپەیمانان دەورێکی گرنگی هەبوو لە بەرزکردنەوەی توانستی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە". هەروەها دید و سەرنجەكانی خۆی لەسەر گرنگی كۆنفرانسی لۆجستیی بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی، دەربڕی و داوای لێكردن هەموو ئەگەرەكان لە بەرچاو بگرن و بە وردی خوێندنەوە بۆ كاری ئایندەی لۆجستیی پێشمەرگە بكەن، چونكە ئەركی ئایندەی پێشمەرگە قورستر دەبێت و بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئێستای هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو گۆرانکارییانەی لە بواری تەکنەلۆجیای سەربازیی هاتوونەتە ئاراوە وادەخوازێت ئاستی هاوکارییە لۆجستییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە فراوان بکرێت.
لە کۆتاییدا،چەندین سەرنج و تێبینیی لەسەر باشترکردنی کاروئەرکەکانی ئەم بەڕێوەبەڕایەتییە گرنگەی وەزارەت لەلایەن فەرماندەکانی پێشمەرگە و ئەفسەرانی هاوپەیمانان خرایەڕوو و خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی تیمەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەرکەکانیان وەک ئەفسەری پیشەیی و دڵسۆز جێبەجێ کردووە.