Skip to the content

بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲٥، لیوا روکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، عمید نیزام عەلی بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی، پێشوازیان لە کۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ بیزۆتی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ لەبارەی پلانی مەشق بە هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا کرا. هەروەها باس لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزی پێشمەرگە، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێناندا کرا.

لەکۆتاییی کۆبونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر ئەو خولە سەربازییانەی کە لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێنەوە، بۆ ئەمەش جەختیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەردەوامی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کردەوە.