سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغداد کرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دۆمینکو سیرمون پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغداد و کۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ بیزۆتی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا کە لیوا روکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و لیوا روکن دلێر تاهر بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی ئەرکان ئامادەیبوون، چالاکییەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئیتاڵی لە هەرێمی کوردستان لە بواری کردنەوەی خولەکان و بابەتی مەشق و ڕاهێنان و پێدانی ڕاوێژ بە هێزی پێشمەرگە خرایە بەرباس. هاوکات تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیی هێزەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزی پێشمەرگە.
سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرد، لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا.
لەکۆتاییی دیدارەکەدا هەردووڵا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازیی ئیتاڵیا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لەبەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.