Skip to the content

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆتایی بە خولێکی پێگەیاندنی ڕاهێنەران هات

لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانستە کەسییەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ، لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، کۆتایی بە خولێکی سێ ڕۆژە بۆ پێگەیاندنی تاکی ڕاهێنەر هات.

خولەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی و بە هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا بۆ دە ئەفسەری بەشەکانی هۆشیاری و ڕاگەیاندن کرا بووەوە. بابەتی وانەکان لەلایەن ڕاوێژکار و مامۆستایانی هاوپەیمانان پێشکەش کران؛ کە بە وردی و بە شێوەیەکی زانستیی باسیان لە بنەما و چۆنیەتیی پێگەیاندنی ڕاهێنەر و شێوە جیاوازەکانی وتنەوەی وانە کرد.

لە میانەی بابەتەکانی خولەکەدا، وانەبێژان بە شێوەی تیۆری و پراکتیکیی زانیاری و پڕۆڤەی پێویستیان لەبارەی شێواز و جۆرەکانی هونەری وانەوتنەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد. هەروەها شێوازی زانستییانەی ئامادەکردنی پلان و دابەشکردنی کات و میکانیزمەکانی وانەوتنەوەیان ڕوون کردەوە.
دوای سێ ڕۆژ و چەندین وانەی چڕوپڕی تیۆری و پراکتیکی، خولەکە بە سەرکەوتووییی کۆتایی پێهات و بڕوانامە بە بەشداربووان بەخشرا.