Skip to the content

پشکنینی لەناکاو بۆ لیوای نۆی پیادە و بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی ئەنجام درا

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پشکنینی لەناکاویان بۆ لیوای نۆی پیادە و بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی ئەنجام دا.

پشکنینەکە، لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی عمید سالار ئیسماعیل ئیبراهیم و ئەندامیەتی ژمارەیەك ئەفسەری پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام درا.

ئەم پشکنینە لە کاتێکدایە، کە پێشتر لیژنەکە پشکنینی فێرکارییان بۆ لیوای نۆی پیادە و بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی ئەنجام دابوو، تیایدا چەند ڕێکار و ڕێنماییەکیان لەبارەی ڕایکردنی کاروبارەکانیان پێدا بوون. پشکنینی لەناکاو وەك هەڵسەنگاندنێکە بۆ دیاریکردنی ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان و دیاریکردنی کەموکوڕییەکانی سەرجەم بەشەکانی لیوای نۆی پیادە و فەوجەکانی سەر بە لیوا و بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی و سەرجەم بەشەکانی.

پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری و پشکنینی بەدواداچوون و پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.