Skip to the content

کۆبوونەوەی مانگانەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش بەڕێوە چوو

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق ئەمینداری گشتی و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت، لە دیوانی وەزارەت کۆبوونەوەی مانگانەی تایبەت لەبارەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگە هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر پێداچوونەوە بە هاوکارییە لۆجستییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە و جەخت لە گرنگی بەردەوامیی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە؛ هاوکات پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەرخستنی یەکخستنەوەی هێزەکان بە پێویست زانی.

لەکۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی تیمی سەربازیی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی سەربازیی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژە بەڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، لە بەردەوامیدان بە پێشخستنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کرا.