Skip to the content

بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لەبەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لیوا روکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و تیمێکی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا، بەرنامە و پلانی داهاتووی هاوبەش و گرنگیدان بە بابەتی مەشق و ڕاهێنان و دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە خرایە بەرباس. هەروەها قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لەیاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕا بوون لە سەر جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی.

لەکۆتاییی دیدارەکەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان.