Skip to the content

خولی ڕشتەی کیمیایی و ڕشتەی ئەندازەی سەربازیی کۆتایی هات

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پلانی مەشقی بەڕێوەبەرایەتیی ڕشتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی پەرەپێدان بە تواناکانی ئەفسەران لە ڕشتە جیاوازەکان، بە ئامادەبوونی عمید ئەحمەد سادق بەڕێوەبەری ڕشتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوو خولی ڕشتەی کیمیایی و ڕشتەی ئەندازەی سەربازیی کۆتایی هات؛ کە بۆ ئەفسەرانی تازەدەرچوو لە هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالان کرا بووەوە.

خولەکە، ماوەی ١٠ هەفتە بەردەوام بوو، ژمارەیەک ئەفسەری تازەدەرچوو لە کۆلێژە سەربازییەکان بەشداربوون، تیایدا بەشێوەی تیۆری و پڕاکتیکیی وانەکان خوێندران؛ لە کۆتاییی خولەکەشدا بڕوانامەی ڕشتەی کیمیایی درایە ئەفسەرانی بەشداربووی ڕشتەی کیمیایی و بڕوانامەی ڕشتەی ئەندازەی سەربازیش درا بە ئەفسەرانی بەشداربووی خولی ڕشتەی ئەندازەی سەربازی.