خولێکی ڕاهێنان لەسەر خشتەی پلانی بودجە و ژمێریاریی سەربازی کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتیی ژمێریاریی سەربازی و ڕاگەیاندن و هۆشیاری، ڕاوێژکارانی سەربازیی هۆڵەندا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەوتی و نوێنەری زانکۆی سەلاحەدین، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاریی ڕاوێژکارانی سەربازیی هۆڵەندا و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین/کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، خولێکی ڕاهێنانی لەسەر "خشتەی پلانی بودجە و ژمێریاری سەربازی" کردەوە.
لە سەرەتادا بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و گوتەی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد. دواتر بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە گشتی و ڕاوێژکارانی هۆڵەندای بە تایبەتی کرد و ئەم هەنگاوەی بە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە وەسف کرد.
پاشان کونسولی گشتیی هۆڵەندا، جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و ستایشی تواناکانی پێشمەرگەی کرد و ئەم خولەشی وەک بەشێک لەو هەماهەنگییە بەردەوامە و گرنگیدان بە پەرەپێدانی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە ناوبرد.
شایانی باسە، خولەکە لە ڕێکەوتی ٩ تا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای پسپۆڕییە لە بواری دارایی و بودجەدا.