سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بارەگای دەستنیشانکراوی فیرقەی یازدەی پیادەی بەسەر کردەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە چواروچێوەی بەردەوامی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری کۆڵۆنێڵ جۆزیڤ سال فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، شوێنی دەستنیشانکراو بۆ بارەگای فیرقەی یازدەی پیادەی بەسەر کردەوە.
لەو بەسەر کردنەوەیەدا، سەرۆکی ئەرکان جەختی لەسەر گرنگی خێراکردنی پڕۆسەی ئامادەکاریی کردەوە، بۆ ئەوەی فیرقەکە بە زووترین کات بگاتە ئاستی چالاکیی تەواو و دەستبەکار بێت؛ هەروەها کار بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارگێڕی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکە نوێیەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان.
سەرۆکی ئەرکان، بۆ دەست بەکاربوونی فیرقەی یازدەی پیادە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغاڵی سەربازیی ڕاسپارد، بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دەستبەکاربوونیان.
دواتر کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەفسەرانی دەستنیشانکراوی فیرقەی یازدە ئەنجامدا و تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی کارەکان و داوای لێکردن کە زۆر بەخێرایی دەستبەکار بن، بۆ ئەوەی بتوانن سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی لیواکانی پیادەی سەر بە فیرقە بکەن و کارەکانیان بەخێرایی ڕایی بکەن، هەروەها پەرە بە توانای کارگێڕی و ئیداریی خۆیان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان یەکە جیاوازەکانی سەر بە فیرقەی یازدە بدەن.