سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەردانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆی کرد

ڕۆژی شەممە، ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە یاوەری ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، سەردانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆی کرد و لە لایەن لیوا نەزیر عاسم ئاغا ڕاگری کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و ئەفسەرانی کۆلێژ پێشوازی لێکرا.
ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکان، دووپاتکردنەوە بوو لە بەرنامە و پڕۆگرامەکانی خوێندنی قوتابییانی کۆلێژ و جەختی لەسەر گرنگی ئەم بەرنامانە کردەوە کە لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کارامەیی هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕۆڵ دەگێڕن. هەروەها سەرۆکی ئەرکان پاڵپشتیی تەواوی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ سەرخستنی هەردوو خولی ٣٠ و ٣١ی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ نیشاندا، کە ئێستا لە مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام دان، ئەمەش دەربڕینی بەڵێنی بەردەوامی پشتگیرییە.
ئەم سەردانەی سەرۆکی ئەرکان لە چوارچێوەی بەردەوامی سەرپەرشتی و پشتگیریی کۆلێژە سەربازییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنان و فێرکردنی هێزەکانی پێشمەرگەدا دێت. سەرۆکی ئەرکان لەم سەردانەیدا، گرنگیدانی بەرزی وەزارەتی پێشمەرگەی بە پڕۆسەی پەروەردە و ڕاهێنانی سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگە بە ڕاگرایەتیی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ گەیاند.
لە سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بە یاوەری ڕاگری کۆلێژی سەربازیی زاخۆ گۆڕەپانی مەشقی قوتابییان و هۆڵەکانی خوێندن و بەشەکانی کۆلێژی بەسەر کردەوە و پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگەشی بۆ کۆلێژی سەربازی دووپات کردەوە.
کۆلێژی سەربازیی زاخۆ یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە ئامادەکردنی ئەفسەری بە دیسپلین و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کارامەییان هەیە؛ ئەم کۆلێژە بە بەردەوامی خولە جیاوازەکانی ڕاهێنان و پەروەردەی سەربازیی بۆ پێکهێنانی نەوەیەکی نوێ لە ئەفسەران و خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە دەبات.