وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ مولحەقی سەربازیی وڵاتی نەرویج و بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەوە

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لەمیانەی دوو کۆبوونـەوەی جیاوازدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، لەگـەڵ عەمید دەگ گارشۆڵ مولحەقی سەربازی لە باڵیۆزخانەی نەرویج لە عێراق و عەمید گریم وێرمۆث مولحەقی سەربازی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە تیایدا ئامادەبوو، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ مولحەقانی سەربازی بە گرنگییەوە باسیان لە دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی پڕۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی و فیرقەکانی پیادە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، گفتوگۆیان کرد و وەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند:
"پشتیوانیی وڵاتانی نەرویج و بەریتانیا بەرز دەنرخێنین، دڵنیاین بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازیی زیاتر، پاڵپشت و پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگە دەبن؛ بۆ ئەمەش هەمووکات ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانتان دەکەین".
عەمید گارشۆڵ و عەمید وێرمۆث، پشتیوانیی وڵاتەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر و کاری پێکەوەیی کردەوە. هەروەها دڵخۆشیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە تایبەت بەرەوپێشچوونی چاکسازی لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.