وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا کرد

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا کرد.
لەکۆبونەوەکەدا، کە عبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوو، جەخت لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا بە بایەخەوە، باسیان لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکایان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئەمریکا، جەختیکردەوە، کە بەردەوام کار بۆ گەیاندنی پەیامی دۆستانە و ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بە گەل و حکومەتی ئەمریکا دەکات.
وەزیری پێشمەرگە، ستایشی هەوڵەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمریکا کرد، داواشیکرد زیاتر کار بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی ئەمریکا و گەلی کوردستان بکەن. هەروەها لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "لە وەزارەتی پێشمەرگە چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوام و هەمیشەییە، هەوڵەکانمان زیاتر چڕکردۆتەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".