پشکنینی تاقیکاریی بۆ لیوای دوازدەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەنجام درا

بە مەبەستی باشترکردن و بەرەوپێشبردنی شێوازی ڕاییکردنی کاروبارەکانی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پشکنینی تاقیکارییان بۆ لیوای دوازدەی پیادە ئەنجام دا.
پشکنینەکە لەلایەن لیژنەیەکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتی لیوا د. عەبدولعەزیز حەمید ناسراو بە (حسن عەسکەری) بەڕێوەبەری پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەندامێتی عمید روکن فەرهاد ڕەسوڵ جێگری بەڕێوەبەر، ژمارەیەك ئەفسەری پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام درا.
ئەم پشکنینە لە کاتێکدایە، کە پێشتر لیژنەکە پشکنینی فێرکاریی بۆ لیوای دوازدەی پیادە ئەنجام دابوو، تیایدا چەند ڕێکار و ڕێنماییەکیان پێدا بوون؛ ئەم پشکنینی تاقیکارییەش، وەك هەڵسەنگاندنێکە بۆ دیاریکردنی ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان، لە سەرجەم بەشەکانی لیواکە.
شایانی باسە، پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری، پشکنینی بەدواداچوون، پشکنینی تاقیکاری و لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.