Skip to the content

پێشانگای "منی ئافرەتی پێشمەرگە" بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لەسەر قەڵای هەولێر بە ئامادەبوونی لیوا روکن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، کۆڵۆنێڵ لیندا کاپیڵا ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، پێشانگایەکی وێنەیی لە ژێر ناوی (منی ئافرەتی پێشمەرگە) بەڕێوە چوو؛ کە گوزارشت لە خەبات و ژیانی پێشمەرگەی ئافرەت لەناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات؛ کە ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری بەڕێوەیان برد.

لەو پێشانگایە، کۆڵۆنێڵ لیندا کە خاوەن بیرۆکەی بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە بوو، لە وتەیەکدا گوتی: "دەمەوێت بەخێرهاتنکی گەرمتان بکەم خوشکەکانم لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو تیم و یەکە جیاوازەکان، ئەم پێشانگایە هەڵگری ناونیشانێکی گەورەیە و تەنها بۆ وێنە نیە بەڵکو ئاوێنەیەکی ئازایەتییە کە شایەتحاڵی خۆڕاگرییە، وەبیرهێنانەوەیە کە ئازادیی دەپارێزرێت لەلایەن ئافرەتانیشەوە نەوەک بەس پیاوان؛ من کاتێک سەیری روخساری ئەم وێنانە دەکەم هێز و قوربانیدان دەبینم. بۆیە دەبێت ئافرەتی پێشمەرگە بەهێز بێت، خزمەت بکات، پارێزگاری بکات، سەرکردە بێت، ئێوە ئیلهامبەخشن و بۆیە پێتان دەڵێم وەک ئافرەتێک، وەک ئەفسەرێک، وەک ئەندامی ئێمە، ئێوه به تەنها نین و من پێشمەرگەم".

لە بەردەوامی بەڕێوەچوونی پێشانگایەکەدا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم چالاکییە کرد و سوپاسی کونسوڵخانەی هۆڵەندا و کۆڵۆنێڵ لیندا و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندای لە هەرێمی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەش کرد، کە پیشەییانە و ماندوونەناسانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی ئەم پێشانگایە ببێتە واقع و بەسەرهاتی ژنە پێشمەرگەکانمان بگەیەنێته بەرچاوی هەموو لایەک و هیوادارم ئەمە ببێتە ئایندەیەک کە ژنان بەردەوام بن لە خزمەتکردن لەناو هێزی پێشمەرگەدا. هەروەها ئەمینداری گشتیی ڕۆڵی نائاسایی ئافرەتی پێشمەرگەی لە خەبات و بەرگریدا بەرزنرخاند و تیایدا تیشکی خستە سەر یەکسانی لە نێوان پیاو و ژن لە بوارە سەربازییەکاندا و گوتی: "ئێمە بە داننان بە بەشداریی ئافرەتان ئەو پرەنسیپە جێبەجێ دەکەین کە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوەیەکە بۆ هەمووان و دەرفەتەکان لەسەر شایستەیی و لێهاتوویی بنیات نراوە نەوەک جیاوازی ڕەگەزی و جێندەر". لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمینداری گشتی، پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگەشی نیشاندا بۆ بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە چالاکییانە.

ئەم پێشانگایە وێنەییە بە هەماهەنگیی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هۆڵەندا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری بەڕێوە چوو و مەبەست ئەوە بوو کە گوزارشت لە خەبات، قارەمانیەتی و ژیانی ئافرەتانی پێشمەرگە لە نێو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا بکات و ئەم چالاکییە نموونەیەک بوو لە هاوکاریی نێودەوڵەتی و بایەخپێدان بە ڕۆڵی ئافرەت لە پاراستنی نیشتیمان و هەرێمەکەمان.