کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای فیرقەکانی پێنج و شەشی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی، بەڕێوەبەری گشتيی هەواڵگری و بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری و بەڕێوەبەری گەیاندن و بەڕێوەبەری مەشق و ڕاگری کۆلێژی ئەرکان و کۆڵۆنێڵ جۆزیف سال، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و تيمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی توانای فیرقەکانی پێنج و شەشی پیادە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەلیم سورچی،بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی، تیشکی خستە سەر ڕۆژانی مەشقی هاوبەش و ستایشی توانای ئەفسەرانی فیرقەکانی پێنج و شهشى کرد و هەروەها ڕۆڵی هاوپەیمانان و کۆلێژی ئەرکانی لەم پرۆسەیە بەرز نرخاند، پاشان هەر یەکە لە بەڕێوەبەرانی گشتی و فەرماندەی فیرقەکانی پێنج و شەشی پیادە گوتەیان پێشکەش کرد و تێیدا ئومێدی بەردەوامی ئەو جۆرە خولانەیان خواست.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەفسەرانی فیرقەکان کرد و دڵخۆشی خۆیان بە ئاستی ئەفسەران نیشان دا و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیان لە پرسی دەستبەکاربوونی فیرقەکان بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند: بەرژەوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە دەخوازێت کاری زیاتر بۆ پرسی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان بکرێت.