کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەی کارەکانی فیرقەی یازدەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوە چوو

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ فەرماندە و ستافی فیرقەی یازدەی پیادە ئەنجام درا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، تاووتوێی دواین بەرەوپێشچوونەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ڕاهێنانی بە تواناکردنی ستافی فیرقەی یازدەی پیادە کرا. هەروەها گفتوگۆ لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگیکردن لە نێوان فیرقەکان و دروستکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ لە نێوان لیواکانی سەر بە فیرقەی یازدە کرا و جەخت لەسەر خێراکردنی کارەکانی فیرقەی ناوبراو کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە کرا کە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کاری لەسەر کردووە؛ بۆ سەرخستنی ئەرکی فیرقەکان لە داهاتوودا، کە بە پێی میکانیزمێکی گونجاو کار کراوە لەپێناو یەکخستنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی فیرقەکان و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.