کۆتایی بە خولی ڕاهێنان لەسەر خشتەى پلانى بوودجە و ژمێریارى هات

ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى) کۆتایى بە خولى ڕاهێنان لەسەر خشتەى پلانى بوودجە و ژمێریارى هێنا؛ کە بە هاوکاریی ڕاوێژکارانى سەربازیى هاوپەیمانان و وڵاتى هۆلەندا و هەماهەنگیى کۆلێژى کارگێڕى و ئابوورى، لە بەروارى (٨ بۆ ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥) بەردەوام بوو.
لە مەڕاسیمى کۆتاییى هێنانى خولەکە، لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەرى گشتیى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازى)، سوپاسى ڕاوێژکارانى وڵاتى هۆلەندا و مامۆستایانى خولەکە کرد و ئەم هەنگاوەی بە بەشێکى گرنگ لە پڕۆسەى چاکسازیی وەزارەتى پێشمەرگە وەسف کرد و ئاماژەى بەوە کرد کە لە ساڵانى ڕابردوو وڵاتى هۆلەندا چەندین خولى جۆراوجۆرى لە بوارى دارایى و ژمێریاریى بۆ ئەفسەران و کارمەندانى وەزارەتى پێشمەرگە کردۆتەوە. هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەم جۆرە خولانە توانا و ئاستى بەشداربووان لە ڕاییکردنى کارە کارگێڕى و داراییەکان بەرزدەکاتەوە و بەشداربووان ئاشنا دەکات بە نوێترین تەکنیک و ئەو پڕۆسە داراییانەى کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕووى سەربازییەوە پەیڕەو دەکرێت".
لە کۆتاییى خولەکەشدا، لەلایەن مامۆستایان و ڕاوێژکارانی وڵاتى هۆلەندا بڕوانامە بە بەشداربووان بەخشرا.