بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی سوپای فەڕەنسا کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، عمید نەوزاد محەممەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ فڕانسوا تریکۆ بەرپرسی هەرێمی هێزەکانی فەرەنسا (C J 9) بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزە سەربازییەکان و کاروباری سڤیل و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆیان لە بارەی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و تیایدا قۆناغەکان و پێشهاتەکانی پڕۆسەکە هەڵسەنگێنران. دواتر باس لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی فەڕەنسا لە پڕۆسەی چاکسازیدا کرا؛ بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە پاڵپشتی و پشتیوانیی هێزەکانی فەڕەنسا لەوبارەیەوە کرایەوە.
لەکۆتاییی دیدارەکەدا، هەردوولا لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تیمی ڕاوێژکارانی سوپای فەرەنسا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاوڕابوون. لە هەمان کاتدا دووپات لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی هێزەکانی فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.