سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەردانی فیرقەی نۆی پیادە و بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی کرد

وەک بەشێک لە هەوڵی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە یاوەری جێگری سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، سەردانی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک لە ئەتروش و فیرقەی ۹ی پیادەی لە زاوێته کرد.
لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی بەسەر کردەوە و لە لایەن فەرماندەی بنکە و ئەفسەرانەوە پێشوازی لێکرا. پاش کۆبوونەوە و دیداری نێوانیان، بەشە جیاوازەکان و گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنانەکانیان بەسەر کردەوە، کە لە ئێستادا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردندان و یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی سەردانەکەش بەسەرکردنەوەی هۆڵە نوێیەکانی خەوتنی پێشمەرگە بوو، کە بە سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتوو لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دروست دەکرێن و بەتەواوبونی ئەم پڕۆژەیەش لە ماوەیەکی نزیکدا توانای وەرگرتنی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک لە پێنج سەد کەسەوە بەرز دەکاتەوە بۆ دوو هەزار کەس.
لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بارەگای (کاتی) فیرقەی ۹ی پیادەی لە زاوێتە بەسەر کردەوە و لە لایەن لیوا کەریم هیتوتی فەرماندەی فیرقە و ئەفسەران و فەرماندەی لیواکانی فیرقەی ۹ی پیادە پێشوازی لێکرا.
لەدیدارێکدا، سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فەرماندە و ئەفسەران و فەرماندەی لیواکانی سەر بەفیرقەی نۆی پیادە کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە داهاتوودا ئەرک و کارەکانیان بەباشی بەڕێوەبەرن و سەرکەوتوو بن لەو بەرپرسیاریەتییەی پێیان سپێردرا، بۆ ئەمەش پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپات کردنەوە. هەروەها سەرۆکی ئەرکان دوای بینینی بارودۆخی فیرقەی نۆی پیادە، بڕیاریدا بە خێرایی هەندێ لە پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین بکەن تا ئەو کاتەی بە یەکجاری دەست بەکار دەبن.
شایانی باسە، فیرقەی نۆی پیادە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەچێتە ناو پرۆسەی مەشقکردنی هاوبەش لەگەڵ تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانانەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و هاوکاریی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.