Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە فیرقەی حەوتی پیادەی بەسەر کردەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری کۆڵۆنێڵ جۆزیڤ ساڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی فیرقەی حەوتی پیادەی لە سپیلک کرد؛ لە لایەن لیوا تارق هەرنی، فەرماندەی فیرقە و جێگر و سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی روکنی فیرقە پێشوازی لێکرا.

لە سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان تەواوی ئەو بەش و شوێنانەی بەسەر کردەوە، کە پێشتر بڕیاری تەواوکردن و نوژەنکردنەوەی درابوو کە بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغال و نیشتەجێکردنی سەربازیی کاری لەسەر دەکرد. هەروەها چاودێری و بەسەرکردنەوەیەکی تەواوی ئەو کارانەی کرد، کە لە فیرقەدا ئەنجام دراون، بە تایبەتی پڕۆژەی بنیاتنان و دامەزراندنی بەشێک لە بینا و بارەگا نوێیەکەی فیرقەی حەوت.

سەرۆکی ئەرکان دەستخۆشی لە ستافی فیرقە و ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بارەگای فیرقەی حەوت کرد و سوپاسی فەرماندەی فەرماندەیی یەکەی هەشتای کرد، کە بە ڕۆحی کارکردن توانیویانە بەشێکی زۆری پێداویستیی پڕۆژەکانی فیرقەی حەوتی پیادە لە ئەستۆ بگرن و هاوکارێکی زۆر باش بوون بۆ خێرا ڕاپەراندنی ئەم ئەرکە.

لە کۆتاییی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان بە شێوەیەکی ئاشکرا گرنگی و پێویستیی پشتگیریی یەکگرتووی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ پڕۆژەی ستراتیژیی بنیاتنان و پەرەپێدانی توانای سەربازیی فیرقەکانی پیادە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە، ئەم پڕۆژە گرنگە تەنیا بۆ پەرەپێدانی فیرقەی حەوت نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەیە و تەواوبونی کارەکانی ئەم فیرقەیە دەبێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەگیی هێزەکان و دامەزراندنی مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پەرەپێدانی فیرقەکانی تر و جەختی کردەوە کە ئەم پشتگیرییە نابێت وەک کارێکی کاتیی تەماشا بکرێت، بەڵکو وەک بەرنامەیەکی درێژخایەن کە ئەنجامەکانی لە داهاتوودا لەسەر تەواوی فیرقەکانی پیادە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەر دەبێت.